Add parallel Print Page Options

13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15 ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.[a] 16 بە ئەندازەی باڵێک[b] بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. 17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20 جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 21 تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»

22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.

Read full chapter

Footnotes

  1. 6‏:15 درێژی کەشتییەکە نزیکەی 140 مەتر، پانییەکەی 23 و بەرزییەکەی 14 مەتر بوو.‏
  2. 6‏:16 باڵێک: نزیکەی نێو مەتر.‏